سەرۆکایەتی هەرێم و پارتی زانیاری لەسەر دۆخی ئەمنی و سیاسی هەرێمی کوردستان دەخەنەروو


وێستگەنیوز-

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، لە سەردانەکەی ئەمدواییەی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم وسیاسیی دیاری سوننە بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان هەردوولا تاوتوێ کراوە کە پەیوەستە بە پۆستە باڵا سەربازییەکانی عێراق و دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان.


بەپێی زانیارییەکان، لێکتێگەیشتنەکە بەو جۆرەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری لە کاندیدی دڵخوازی محەمەد حەلبووسی بکات بۆ پۆستی وەزیری بەرگری عێراق، کە پۆستێکی پشکی سوننەکانە، لە بەرامبەردا، حەلبووسی پشتگیری لە گەڕانەوەیەکی سنوورداری هێزەکانی پێشمەرگە بۆ هەندێک لە ناوچە جێناکۆکەکان بکات.

ئەم لێکتێگەیشتنە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی سەر بە پارتی لە رێگەی "لیواکانی هەماهەنگی هاوبەش" لەژێر چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری عێراق دەگرێتەوە، لەگەڵ گێڕانەوەی ئەو پۆستە باڵا سەربازییانەی کە پێشتر پارتی لەدەستی دابوون، لەوانەش پۆستی سکرتێری گشتیی وەزارەتی بەرگری و چالاککردنەوەی لیژنە ئەمنییە هاوبەشەکان.

سەبارەت بەم لێکتێگەیشتنە، 2 خاڵی سەرەکی دەخرێنەروو:

1- گەڕانەوەی پێشمەرگە تەنها بۆ "هەندێک" لە ناوچە جێناکۆکەکان دەبێت و گشتگیر نییە.
2- جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە کارێکی ئاسان نییە، چونکە هەر گواستنەوە و بڵاوەپێکردنەوەیەکی هێزەکان پێویستی بە رەزامەندی سیاسیی شیعە و حکومەتی فیدراڵی هەیە لە بەغدا.

ئامانجی سەرەکی حەلبووسی لەم هەنگاوە، کەمکردنەوەی هەژموونی لایەنە شیعەکانە لەسەر پرسی هەڵبژاردنی وەزیری بەرگری، بەڵام هێشتا روون نییە حەلبووسی تا چەند دەسەڵاتی دەبێت بۆ گەرەنتییکردنی گەڕانەوەی پێشمەرگە یان جێگیرکردنی هەژموونی پارتی لەناو وەزارەتی بەرگریدا بەبێ رێککەوتنێکی بەرفراوانتر لەگەڵ بەغدا، بۆیە ئەم لێکتێگەیشتنە لەم قۆناغەدا تەنها وەک پرۆژەیەک ماوەتەوە و هێشتا نەبووەتە رێککەوتنێکی جێبەجێکراو.


PM:07:17:08/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت