وەزیری دادی تورکیا دەنگۆی بێبەشکردنی دەمیرتاش لە "یاسای ئاشتی" رەتدەکاتەوە


وێستگەنیوز-

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 8ی ئابی 2026، لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پەسەند کرد، کە بە پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی ناسراوە، بڕیارە پڕۆژەیاساکە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی تورکیا و لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا دەنگی کۆتایی لەسەر بدرێت.


هاوکات لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە، ئاکن گورلەک وەزیری دادی تورکیا، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ناتوانێت لەو یاسایە سوودمەند بێت، وەزیری داد ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ لێدوانێکی لەو جۆرەی نەداوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانی بڵاویانکردبووەوە کە دەمیرتاش و ئۆجەلان لە یاساکە بێبەش دەکرێن.

ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە و ئامانجەکانی پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی لە 12 ماددە پێکدێت و ئامانجی سەرەکی بریتییە لە پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییهاتنی بوونی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و رادەستکردنی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکان.

بەپێی دەقی یاساکە، ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە دامەزراندن، سەرکردایەتیکردن، ئەندامبوون و پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراوەکە دەتوانن سوودمەند بن، بەڵام ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، یان بەر لە 1ی حوزەیرانی 2005 سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاوە، لەم یاسایە سوودمەند نابن.

میکانیزمی جێبەجێکردن و چاودێری یاساکە سیستمێکی نوێی بۆ دواخستنی لێکۆڵینەوە و سزاکان داڕشتووە؛ بەجۆرێک بۆ ئەو سزایانەی لە 15 ساڵ کەمترن ماوەی 5 ساڵ، و بۆ ئەوانەی لە 15 ساڵ زیاترن یان زیندانی هەتاهەتایین ماوەی 10 ساڵ پرۆسەی دادگاییکردن و سزاکانیان دوادەخرێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا هیچ تاوانێکی نوێ ئەنجام نەدەن، دۆسیەکانیان بە یەکجاری دادەخرێت.

بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە، ئەنجوومەنێکی باڵا بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆککۆماری تورکیا و ئەندامێتی وەزیرانی داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت) پێکدەهێنرێت. هەروەها لەناو پەرلەمان لیژنەیەکی 17 کەسی بۆ بەدواداچوونی هەنگاوەکان دروست دەکرێت.

ئەم پڕۆژەیاسایە کە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەندین ساڵە دادەنرێت، دەستپێکەکەی بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری پرسی کورد و چەکداماڵینی پەکەکە راگەیاند.


PM:04:13:08/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت