دانە غاز و نەوتی هیلال: حکومەتی هەرێم ئاگاداری گرێبەستی فرۆشتنی غاز بە بەغدا بووە


وێستگەنیوز-

لە وەڵامێکی چاوەڕواننەکراودا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو کۆمپانیای دانە غاز و نەوتی هیلال (کریسێنت پێترۆلیۆم) جەختیان کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم پێشوەختە و بە وردی ئاگاداری رێککەوتنی دابینکردنی غازی سروشتی بوون بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق لە کەرکوک.


لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ئەو دوو کۆمپانیایە سەرسوڕمانی خۆیان لەو راگەیەندراوەی حکومەتی هەرێم نیشاندا کە رەتیکردبووەوە ئاگاداری رێککەوتنەکە بێت، کۆمپانیاکان ئاشکرایان کردووە کە لە مانگی شوباتی رابردووەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیان لە وردەکارییەکان ئاگادار کردووەتەوە و پاش چەندین ساڵ لە دانوستان، کۆپییەکی فەرمی گرێبەستەکەشیان رادەست کردوون.

دوو کۆمپانیاکە دەڵێن، رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای مافی تایبەتی ئەوان بۆ بەبازاڕکردنی غاز و بەپێی چوارچێوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان واژۆ کراوە، بۆیە لە رووی یاساییەوە پێویستیان بە وەرگرتنی رەزامەندیی زیاتری حکومەتی هەرێم نەبووە.

سەبارەت بە بڕی ئەو غازەی رەوانەی کەرکوک دەکرێت، لە بەیاننامەکەدا روونکراوەتەوە کە رۆژانە نزیکەی 100 ملیۆن پێ سێجا غاز لە "زیادەی" پڕۆژەی (کۆرمۆر 250) رەوانە دەکرێت. ئەمەش تەنها پاش ئەوە دێت کە پێداویستی وێستگەکانی کارەبای ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، کە بڕەکەی 655 ملیۆن پێ سێجا غازە لە رۆژێکدا.

دانە غاز و نەوتی هیلال ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ساڵی 2007وە بڕی 4 ملیار دۆلاریان لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان کردووە. هەرچەندە ماوەی زیاتر لە 3 ساڵە حکومەتی هەرێم لە پێدانی شایستە داراییەکانیان دواکەوتووە، بەڵام ئەوان پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ دابینکردنی وزە و خزمەتکردنی دانیشتووانی هەرێم و عێراق.


PM:07:36:07/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت