وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: مۆڵەتی جامڕەش بەرێژەی (+80%) بڕی 1,055,000 دیناری تێدەچێت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێنمایی نوێی ژمارە 6ی ساڵی 2026ی تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی جامڕەش (جامتاریک) بڵاوکردەوە، کە تێیدا چەندین مەرج و نرخی نوێ بۆ ساڵی 2026 دیاریکراون.


بەپێی رێنماییە نوێیەکە، مۆڵەتی جامڕەش بۆ ماوەی 1 تاوەکو 3 ساڵ دەبێت و ساڵانە نوێ دەکرێتەوە، رێنماییەکە ئۆتۆمبێلەکانی تابلۆی هەرێم و تابلۆی نوێی فیدراڵ (بەو مەرجەی خاوەنەکەی دانیشتووی هەرێم بێت) و تابلۆی بیانیش دەگرێتەوە، جەختکراوەتەوە کە نابێت جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێل بە هیچ جۆرێک تاریک بکرێت و دەبێت رێژەی رووناکی تێیدا 100% بێت.

نرخی مۆڵەتەکان بەپێی رێژەی تاریککردن: وەزارەتی ناوخۆ نرخەکانی بەم شێوەیە دیاریکردووە:
1- رێژەی (21% تا 50%): بڕی 100,000 دیناری ساڵانە.
2- رێژەی (31% تا 50%) بۆ ئەو جارانەی لە کۆمپانیاوە تاریکن: 150,000 دینار.
3- رێژەی (51% تا 80%): بڕی 300,000 دیناری ساڵانە.
4- رێژەی (51% تا 80%) بۆ ئەو جارانەی لە کۆمپانیاوە تاریکن: 500,000 دینار.
5- رێژەی (+80%): بڕی 1,000,000 (یەک ملیۆن) دیناری ساڵانە.
6- تێچووی باجی رێگەپێدان 30,000 دینار و کرێی کارگێڕی داواکارییەکە 25,000 دینارە.

سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی تەکسی، رێنماییەکە تەنها رێگەی داوە جامی دواوە و تەنیشتەکانی دواوە تاریک بکرێن، بەو مەرجەی رێژەکەی لە 50% تێنەپەڕێت. هەروەها ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر (پیشەسازی و کشتوکاڵی) مۆڵەتەکە دەیانگرێتەوە، بەڵام جامی پشتەوەیان کە دەچێتە سەر سندوق، لەم رێنماییە بەدەرکراوە.

هەر خاوەن ئۆتۆمبێلێک مۆڵەتەکەی بەسەر بچێت و تاوەکو 30 رۆژ نوێی نەکاتەوە، رێگەی پێنادرێت مۆڵەتی نوێ وەربگرێتەوە تاوەکو دوای تێپەڕبوونی ساڵێک. هەروەها سزای تاریککردنی جام بەبێ مۆڵەت، بڕی 500,000 دینارە لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ماوەی 3 رۆژ.

ئەم رێنماییە لە رۆژی دەرچوونی لە رۆژنامەی "وەقایعی کوردستان" جێبەجێ دەکرێت و هەموو رێنماییەکانی پێشوو لەمبارەیەوە هەڵدەوەشێتەوە.


PM:06:50:07/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت