سعودیە هۆشداری لە هێرشێکی میلیشیاکانی عێراق و حوسییەکان دەدات
وێستگەنیوز-
بەرپرسێکی باڵای سعودیە رایگەیاند، شانشینەکە لە بەردەم مەترسی هێرشێکی هەماهەنگیکراوی گروپە چەکدارەکانی عێراق و حوسییەکانی یەمەندایە، کە بڕیارە لە یەک کاتدا لە باکور و باشوورەوە ئەنجام بدرێن.
بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییە هاوبەشەکانی سعودیە و ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، ئەم هێرشانە لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری سوپای پاسدارانی ئێران رێکخراون، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئامانجی سەرەکی هێرشەکان شوێنە مەدەنی و ئابوورییەکانن، لەوانەش دامەزراوەکانی وزە، بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکان.
ئەو بەرپرسە سعودیەی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کردووە کە جووڵەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک لە هەردوو ئاراستەکەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی نزیک بەدی کراوە، جەختیشی کردەوە کە سعودیە هەموو رێکارە پێویستەکان دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی خاکەکەی و وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە لە کۆتایی مانگی تەمووزدا، سعودیە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، چەند هێرشێکی کردە سەر بارەگای گروپە چەکدارەکان لە عێراق، وەک وەڵامێک بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی.
لەلایەکی دیکەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی سعودیە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر ناوچەی "نجران" لە باشووری شانشینەکە، 11 کەس بریندار بوون، تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە روونی کردەوە کە لە نێو بریندارەکاندا 7 سعودی، 2 میسری، یەمەنییەک و پاکستانییەک هەن، کە ژنێک و منداڵێکی 4 ساڵانیشیان تێدایە.
سەرەڕای ئەم گرژییانە، ریاز باس لەوە دەکات کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تاران لە "ئاراستەیەکی دروستدا" دەڕۆن و پەیوەندییەکان بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان بەردەوامن، بەرپرسانی سعودیە پێیان وایە ئەنجامدانی ئەم هێرشە پلانبۆداڕێژراوانە تەنها بۆ پەکخستنی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەیە کە ئامانجیان گەیشتنە بە رێککەوتنێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە حوسییەکان گەمارۆیەکی دەریاییان بەسەر دەریای سوردا سەپاندووە و رایانگەیاندووە کە چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگری سعودی وەک "دایزی" و "وەفا"یان بە موشەکی بالیستی پێکاوە، ئەمەش مەترسییەکانی فراوانبوونی جەنگ لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات.
PM:06:15:07/08/2026
ئهم بابهته 436
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت