كیفاح مه‌حمود: سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمه‌شق به‌ رێكه‌وتن بووه‌ له‌گه‌ڵ عه‌لی زه‌یدی


وێستگه‌نیوز – 
راوێژكارێكی‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ دیمه‌شق به‌ رێكه‌وتن بووه‌ له‌گه‌ڵ عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.


كیفاح مه‌حمود، راوێژكاری راگه‌یاندنی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لحه‌ده‌س وتی: "پێمان ناوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێوه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دیمه‌شق و نه‌ك به‌ ته‌نها هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكو عێراقیش".

وتیشی‌: "سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ دیمه‌شق به‌ رێكه‌وتن بووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق و ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ پێشه‌كییه‌ك بێت بۆ سه‌ردانێكی چاوه‌ڕوانكراوی عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ سوریا".

راشیگه‌یاند كه‌"سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمه‌شق مه‌به‌ست لێی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی سوریا و عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌ و نیازێكی جددیش هه‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م قونسڵخانه‌ی سوریا له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان".

رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ 3ی ئاب نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا و له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ كۆبووه‌وه‌.


PM:12:55:07/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت