حکومەتی هەرێم: ناردنی غازی کۆرمۆر بۆ بەغدا بەبێ ڕەزامەندی ئێمە پێشێلکارییە
وێستگەنیوز-
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی بەرامبەر هەردوو کۆمپانیای دانا غاز و کرێسنت پترۆلیۆم ڕادەگەیەنێت و ناردنی غاز بۆ بەغدا بەبێ ڕەزامەندی فەرمی، بە "پێشێلکردنی گرێبەست" و "کارێکی تاکلایەنە" ناوزەند دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕێکەوتی 4ـی ئابی 2026، هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، حکومەتی هەرێمیان ئاگادار کردووەتەوە کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق، بەڵام حکومەت جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە بەبێ ڕەزامەندی و ئاگاداری پێشوەختەی ئەوان بووە.
حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، وەک قەوارەیەکی دەستووری، هەمیشە پاڵپشتی ئاسایشی وزەی عێراقی کردووە، بەڵام بڕیاری تاکلایەنەی کۆمپانیاکان لە دەرەوەی چوارچێوەی گرێبەستەکان، بە دەستوەردانێکی بێپاساو و پێشێلکاری هەژمار دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێم چەندین جار داوای غازی زیاتری بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێم کردووە، بەڵام کۆمپانیاکان لەبری هاوکاری، بڕیاری تاکلایەنەیان داوە.
هاوکات، حکومەت ئەو بەشەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکان ڕەتدەکاتەوە کە تیایدا سوپاسی حکومەتی هەرێم دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم هەنگاوە و دەڵێت: هەر ئاماژەیەک بەوەی پشتیوانیمان لێ کردبن، ناڕاست و چەواشەکارانەیە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاندووە، ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی لێکەوتە یاسایی و گرێبەستییەکانی ئەم کارەی کۆمپانیاکانە و سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پڕۆژەی کۆرمۆری پێ بەڕێوەدەبرێت.
لە کۆتاییدا حکومەت دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز و کارەبا، بەڵام تەنها لە ڕێگەی ئەو ڕێکارە یاسایی و گرێبەستییانەی کە لە بەرژەوەندی هەردوولادان.
PM:09:02:06/08/2026
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت