دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووک نادەستووریین و رەتیان دەکەینەوە


وێستگەنیوز-

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووکی دایەوە و جەختی لەسەر پابەندبوون بە دەستووری عێراق کردەوە.


دەستەی ناوچە کوردستانییەکان رایگەیاند، بنچینەی سەرەکیی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراقی نوێدا دەستووری وڵاتە کە بووەتە پەیمانێکی راستەقینە لە نێوان پێکهاتەکاندا. ئاماژە بەوەش کراوە، پابەندبوون بە دەستوور تەنها ئەرکێکی یاسایی نییە، بەڵکو رێزگرتنە لە ویستی هەموو گەلانی عێراق کە دژی زۆرداری تێکۆشاون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، خەڵکی کوردستان وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی، ماددەی 140ی دەستوور بە تاقە نەخشەرێگەی هاوسەنگ دەبینن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناسنامەی ناوچە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، هەر بۆیە هەر جۆرە لێدوانێکی نادەستووری کە لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە بگوترێت، بە تەواوی رەتدەکرێتەوە.

دەستەی ناوچە کوردستانییەکان هۆشداری دەدات کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، پێویستە پارێزگاری کەرکووک گیانی پێکەوەژیانی راستەقینە لە شارەکەدا زاڵ بکات و خۆی لە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژانە بەدوور بگرێت کە پێچەوانەی دەستوور و ویستی گەلی عێراقن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە لێدوان و دیدارە نادەستوورییەکان تەنها رووبەری بێمتمانەیی فراوان دەکەن و سەرنجی لایەنەکان لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکان لادەدەن، لە کاتێکدا ئێستا کەرکووک لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری هەیە.


PM:12:13:06/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت