شاماران پێترۆلیۆم: بەرهەمهێنانی نەوت لە دوو کێڵگەی هەرێم بۆ 1900 بەرمیل دابەزیوە
وێستگەنیوز-
کۆمپانیای شاماران پێترۆلیۆم نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژە بە دابەزینێکی گەورە و بەرچاو دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، لە چارەکی دووەمی ساڵی 2026 و تاوەکو رێککەوتی 30ی حوزەیران، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو کێڵگەی "ئەتروش و سەرسەنگ" بە رێژەیەکی زۆر کەمی کردووە و تێکڕای بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 1900 بەرمیلی رۆژانە.
لەبارەی هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیە، کۆمپانیاکە روونی کردووەتەوە کە تێکچوونی رەوشی ئەمنی و بەردەوامی شەڕی ئێران کاریگەری راستەوخۆیان هەبووە. هەر بەهۆی ئەو بارودۆخەوە، لە سەرەتای مانگی ئاداری 2026 تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ، کارەکان لەو دوو کێڵگەیە بە شێوەیەکی خۆپارێزانە راگیراون، ئەمەش وایکردووە ئاستی بەرهەمهێنان لە چارەکی یەکەم و دووەمی ئەمساڵدا بەو شێوەیە روو لە کەمی بکات.
شاماران پێترۆلیۆم ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە هەرچەندە ئاستی بەرهەمهێنان دابەزیوە، بەڵام بەشێک لەو کورتهێنانە داراییە قەرەبوو کراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانییەکاندا کە نرخی هەر بەرمیلێک گەیشتووەتە سەروو 82 دۆلار.
AM:10:37:06/08/2026
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت