پارتی لە کەرکووک: قسەکانی پارێزگار بۆ فیتنەگێڕییە و لە سەفەقەیەکی گوماناویدا بووەتە پارێزگار
ویستگەنیوز-
مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی محەمەد سەمعان ئاغائۆغڵۆ، پارێزگاری کەرکووک دەداتەوە و ڕایگەیاند، قسەکانی لەسەر ماددەی 140 "نابەرپرسیارانەیە" و ئەو پارێزگارە لە ئەنجامی سەفەقەیەکی گوماناوی هاتووەتە سەر کار.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی ئابی 2026، مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی محەمەد سەمعان ئاغائۆغڵۆ، پارێزگاری کەرکووکی دایەوە کە وتبووی "ماددەی 140 گەورەترین هەڵەی سیاسی عێراقە و لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە مردوو.
پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: قسەکردنی نابەرپرسیارانەی پارێزگاری کەرکووک لەسەر ئەوەی ماددەی 140 نەماوە، بە مانای بێبەهاکردن و نەمانی دەستوور دێت، خۆشی باش دەزانێت ئەگەر دەستوور نەمێنێت، مانای ئەوەیە عێراق لە مانای دەوڵەتبوون بەتاڵ دەبێتەوە.
ڕایشیگەیاندووە، هەموو لایەک باش دەزانن بوونی محەمەد سەمعان بە پارێزگاری کەرکووک لە ئەنجامی سەفەقەیەکی گوماناوی فندق ڕەشید بووە، ئەگەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراسی بووایە و ئەو سەفەقەیە نەبووایە، دۆخەکە بە شێوەیەکی تر دەبوو.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، پارتی جەخت دەکاتەوە کە ئەم جۆرە لێدوانانە خزمەت بە پێکهاتەکانی کەرکووک ناکات، بەڵکو هەوڵێکی نابەجێیە بۆ شکاندنی تەبایی و برایەتی و کارکردنە بۆ فیتنەگێڕی و قووڵکردنەوەی کێشەکان.
لە کۆتاییدا پارتی داوا لە پارێزگاری کەرکووک و هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتییان هەیە دەکات، ڕێز لە دەستوور و مافی دانیشتووانی کەرکووک بگرن و ژیرانە ڕەفتار بکەن، نەک کار بۆ ئاژاوەگێڕی بکەن.
PM:10:55:05/08/2026
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت