حکومەتی هەرێم: کارەبای کەس لەسەر قەرزی کۆن نابڕدرێت
وێستگەنیوز ـ
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، کارەبای هیچ هاوبەشێک لەسەر قەرزی کۆنی کارەبا نابڕدرێت، جەختیش دەکاتەوە کە لە سیستمی نوێدا کارەبای هەموو ئەو کەسانە دەبڕن کە پارە نادەن، تەنانەت ئەگەر وەزیر بن.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی ئابی 2026، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تا ئێستا کارەبای هیچ هاوبەشێک لەسەر قەرزی کۆن نەبڕاوە و ڕووش نادات، بەڵام داوا لە هاووڵاتییان دەکەین سوود لە بڕیاری لێخۆشبوونی 50%ـی قەرزەکان وەربگرن، چونکە ئەم دەرفەتە دووبارە نابێتەوە و تا ئێستا لێخۆشبوون بەو ڕێژە زۆرە نەکراوە.
سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنی پارەی کارەبا لە پڕۆژە نوێیەکاندا، عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، لە سیستمی پڕۆژەی ڕووناکیدا، بەبێ جیاوازی کارەبای هەر هاوبەشێک دەبڕدرێت ئەگەر لە ماوەی 50 ڕۆژدا پارەی بەکارهێنانی کارەبا نەدات.
جێگری بەرپرسی نووسینگەی مەسرور بارزانی وەک بەڵگەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەسەر هەموواندا، وتی: کارەبای ماڵی وەزیرمان بڕیوە لەسەر ئەوەی پارەی کارەبای نەداوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێم بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ دانەوەی قەرزەکانی کارەبا، بڕیارێکی بۆ لێخۆشبوونی نیوەی قەرزەکان دەرکردووە و داوا دەکرێت پێش کۆتایی هاتنی وادەکە، هاووڵاتییان سوودی لێ ببینن.
PM:01:57:04/08/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت