عەبدولستار مەجید ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی مەسعود بارزانی و عەلی باپیر بۆ وێستگەنیوز ئاشكرا دەكات
وێستگەنیوز ـ محەمەد فاتیح
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و عەلی باپیر ئاشکرا کرد و رایگەیاند، قەیرانە کەڵەکەبووەکان و کێشەی مووچە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان بووە.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز ڕایگەیاند: سەردانەکەی مامۆستا عەلی باپیر و شاندی یاوەری بۆ پیرمام و کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسعود بارزانی، بە ئامانجی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی هەنووکەیی بوو، لە سەروو هەموویانەوە ئەو قەیرانە کەڵەکەبووانەی بەرۆکی هاووڵاتیانی گرتووە، وەک دواکەوتنی مووچە، گرانبوونی سووتەمەنی و خراپیی گوزەرانی خەڵک.
وتیشی: تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە جۆرێک کە بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بە میکانیزمێکی حەکیمانە و هەستی بەرپرسیارێتییەوە لەبەرچاو بگیرێت.
عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولا باسیان لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کردووە، بە شێوەیەک کە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێم، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵ بۆ وێستگەنیوز وتی: باسیان لە تەبایی لایەنە سیاسییەکان و پێویستی سازانی ناوخۆیی کردووە، هەروەها جەخت لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لووتکەی لایەنە سیاسییەکان کراوەتەوە، چونکە ناتەبایی و لێکترازانی سیاسی ناوخۆ بە هۆکاری سەرەکی چارەسەرنەبوونی قەیرانەکان دەبینرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوە کرد، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستان بەشێکی دیکەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بووە.
AM:09:30:04/08/2026
ئهم بابهته 640
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت