یاریگای نەورۆز دەبێتە شانۆی دەستپێکی خولی ئەستێرەکانی عێراق


وێستگەنیوز ـ

یاریگای نەورۆز لە سلێمانی بە فەرمی بۆ میوانداریکردنی ئاهەنگی کردنەوە و یاریی دەستپێکی وەرزی 2026-2027ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق دیاریکرا، کە تێیدا یانەی نەورۆز ڕووبەڕووی پاڵەوانی خولەکە دەبێتەوە.


یەکێتی تۆپی پێی عێراق ڕایگەیاند، یاریگای یانەی نەورۆز لە شاری سلێمانی دەبێتە شانۆی میوانداریکردنی ئاهەنگی کردنەوە و یاریی دەستپێکی خولی ئەستێرەکانی عێراق.

ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنی یاریگای نەورۆز لە چوارچێوەی پرەنسیپی پێدانی هەلی یەکسانە بە هەموو پارێزگاکان، بەو پێیەی وەرزی ڕابردوو ئاهەنگەکە لە دهۆک بوو، بۆ ئەمساڵیش بڕیاردراوە لە سلێمانی بێت.

سەبارەت بە هۆکارەکانی دیکەی هەڵبژاردنی ئەم یاریگایە، یەکێتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە یانەی نەورۆز مەلەفێکی تۆکمەی پێشکەش کردووە و تێیدا هاتووە کە چەند کۆمپانیایەکی جیهانیی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی ئاهەنگی کردنەوەکە دەکەن، بۆ ئەوەی نمایشێکی بێ وێنە لە مێژووی خولەکەدا پێشکەش بکرێت.

جگە لە لایەنی ڕێکخستن، یاریگای نەورۆز کە جێگەی 14 هەزار و 500 هاندەر دەبێتەوە، وەک یەکێک لە یاریگا هەرە نوێ و پێشکەوتووەکانی عێراق هەژمار دەکرێت و لە ڕووی ئەندازیاری و کوالیتی چیمەنەوە ئامادەکاری تەواوی بۆ کراوە تا ببێتە شوێنی دەستپێکی وەرزی نوێ.

بڕیاریشە لە یەکەمین یاریی خولەکەدا، یانەی نەورۆز وەک خاوەن یاریگا، ڕووبەڕووی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق ببێتەوە، ئەمەش وەک نەریتێکی وەرزشی کە یاریی یەکەم لەسەر یاریگای ئاهەنگی کردنەوە بێت.


AM:11:12:03/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو