نزار ئامێدی: بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان شایستەیەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە
وێستگەنیوز ـ
نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند: بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ پێکهاتەی ئێزیدی شایستەیەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە و پەیوەستە بە کەرامەتی تەواوی عێراقەوە.
نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق لە ساڵیادی جینۆسایدی 3ـی ئابدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەرامبەر یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکاندا دەوەستین کە عێراق لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا ناسیویەتی، چونکە تیرۆری داعش تەنیا ئامانجی کوشتنی بێتاوانەکان نەبوو، بەڵکو هەوڵی سڕینەوەی بوونی ئێزیدییەکان و هەڵکێشانیان لەسەر زێدی خۆیان دا.
ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی ئێزیدی سەلماندیان کە ئیرادەی ژیان لە تیرۆر بەهێزترە و خۆڕاگرییان نواند و دەستیان بە خاک و ناسنامەی خۆیانەوە گرت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە لەوەی لەو کاتەوەی بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی کۆماری وەرگرتووە، ئەم دۆسیەیە لە پێشەنگی کارەکانیدا بووە و وتی: ئەوەی ئەم دۆسیەیە ئەمڕۆ پێویستییەتی بڕیاری ئازایانە و هەنگاوی کردارییە کە کۆتایی بە مەینەتییەک بهێنێت کە زیاتر لە 10 ساڵە بەردەوامە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئامێدی چەند خاڵێکی وەک ئامانجی سەرەکی دەستنیشان کرد، لەوانە: گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێندراوان، ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان.
لە کۆتاییدا نزار ئامێدی ڕایگەیاند، مانەوەی ئاسەوارەکانی ئەم کارەساتە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک بەسەریدا شتێکی قبوڵنەکراوە و دادپەروەری تەواو نابێت تاوەکو ئێزیدییەکان سەرجەم مافەکانی خۆیان وەرنەگرنەوە.
AM:11:01:03/08/2026
ئهم بابهته 48
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت