نێچیرڤان بارزانی: تاوەکو ڕفێندراوێکی ئێزیدی مابێت لە هەوڵی ڕزگارکردنیان بەردەوام دەبین
وێستگەنیوز ـ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە 12ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدیدا ڕایگەیاند، برینی شەنگال هێشتا کراوەیە و جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو ڕفێندراوێکی ئێزیدی مابێت، تیمی نووسینگەکەیان لە کارەکانی بۆ ڕزگارکردنیان بەردەوام دەبێت.
لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی جینۆسایدی 3ـی ئاب، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوانی جينۆسایدی ئێزدییان و بهسەبیکردنی کچ و ژنانیان، برینێکی کراوەی دڵ و دهروونى گەلی کوردستانە.
وتیشی: بهداخهوه هاووڵاتییانی ئێزدیمان پاش 12 ساڵ، هێشتا باجی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئامادەیی هێزە چەکدارە نایاسایییەکان دەدەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها ئەرکی حکومەتی عێراقی فیدراڵی بەبیرهێنایەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شەنگال و ڕایگەیاند: پێویستە ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخى شەنگال لهگهڵ حكومهتى ههرێم جێبەجێ بکرێت، کار بۆ بەپارێزگاکردنی بکرێت و هێزە نایاسایییەکان ناوچەکە جێبهێڵن تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دایە پێکهاتەی ئێزیدی کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیان بەردەوام دەبێت تا تاوانەکانی داعش لەسەر ئاستی جیهاندا بە تەواوی وەک جينۆساید بناسرێن.
هەروەها سوپاسی خەڵکی دهۆک و بادینانی کرد کە لە ڕۆژە سەختەکاندا دەرگایان بۆ ئاوارەکان کردەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سڵاوی بۆ خۆڕاگریی کۆمەڵگەی ئێزیدی و دروودی بۆ گیانی شەهیدانی پێشمەرگە نارد و وتی: بە فەرماندەیی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و گیانی خۆیان بۆ ئازادکردنی شەنگال و پاراستنی شکۆی نیشتمان بەخشی.
AM:10:42:03/08/2026
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت