پ*ە*ک*ە*ک*ە لە 81 کەمپ و حەشارگەی سەر سنوور دەکشێتەوە


وێستگەنیوز –

پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، لە هەنگاوێکی نوێدا دەیان کەمپ و حەشارگەی خۆی لەسەر سنوورەکانی نێوان تورکیا و عێراق چۆڵ کرد، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی کە ئەنقەرە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، پە*کە*کە چەکدارەکانی لە 81 کەمپی سەر خاڵی سفری سنوورەکان کشاندووەتەوە و بەرەو چیای قەندیل لە ناوچەیەکی نزیک سنووری ئێران جێگیر بوونەتەوە.

چۆڵکردنی ئەو ناوچانە لە ڕێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکان و ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانەوە پشتڕاس کراوەتەوە.

ئەو شوێنانەی چۆڵکراون، چەندین کەمپی ستراتیژی و ئەشکەوتی گەورە لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و هەفتانین لەخۆدەگرن، کە پێشتر وەک بارەگای سەرکردایەتی، کۆگای چەک و ناوەندی پەیوەندی بەکار دەهاتن.

ئەم ناوچانە زۆربەیان دەکەونە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-کڵۆم کە سوپای تورکیا لە ساڵی 2022ـەوە دەستی پێکردووە.

ئەم هەنگاوەی پەکەکە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەر پێکدادانێکی سەربازی یان ڕووداوێکی ئیستفزازی دادەنرێت کە ببێتە بەربەست لەبەردەم هەوڵەکانی ئاشتی.

جێگەی ئاماژەیە لە مانگەکانی ڕابردووشدا چەکدارانی ئەو پارتە لە 72 خاڵی دیکەی سنووری کشابوونەوە.


PM:03:25:02/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت