کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر هۆکاری هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر هەولێر روون دەکاتەوە
وێستگەنیوز-
فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، کە ئامانجی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر، تەنها بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە تاران بووە.
سەرکونسوڵی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە هەندێک بابەتی ئەمنی هەن لە دەرەوەی ئیرادەی هەرێمی کوردستان و ئێراندان، ئەویش پرسی بوونی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. روونیشی کردەوە کە ئەگەر سیستەمی راداری ئەمریکییان کردبێتە ئامانج، هۆکارەکەی ئەوە بووە کە ئەو رادارانە پێش گەیشتنی مووشەک و درۆنەکانی ئێران بە ئامانجەکانیان، ئاراستەکەیان ئاشکرا دەکرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کونسوڵی ئێران جەختی کردەوە کە هێرشەکانیان بە هیچ شێوەیەک بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان نەبووە، چونکە وەک خۆی وتی: "هەرێمی کوردستان بە کەسوکار و برای خۆمان دەزانین و هیچ کێشەیەکی تایبەتمان لەگەڵیان نییە".
ئەم لێدوانانەی کونسوڵی ئێران لە کاتێکدایە کە پرسی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەولێر، چەندین جار کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.
PM:02:45:02/08/2026
ئهم بابهته 324
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت