کۆمەڵی دادگەری: بەرپرسیارێتیی گەورەی هەر دۆخێکی نەخوازراو، دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵات
وێستگەنیوز-
مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە راگەیەندراوێکی نوێدا رەخنەی توند لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و رایدەگەیەنێت، حکومەت بەرپرسیاری یەکەمی ئەو قەیران و مەترسییە ئابوورییانەیە کە رووبەرووی هاووڵاتییان بووەتەوە.
کۆمەڵی دادگەری ئاماژە بەوە دەکات کە بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، بەتایبەت بەنزین و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان، بارگرانییەکی "تاقەتپڕووکێن"ی بەسەر هاووڵاتییان، کاسبکاران و شۆفێراندا سەپاندووە. راشیگەیاندووە کە ئەم گرانکردنە بە هەر پاساوێک بێت، بازاڕ و کاسبیی خەڵکی تووشی داڕمان کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بێباکی و بێدەنگی دەسەڵاتی هەرێم بەرانبەر ئەم بارودۆخە، بەڵگەی روونی گوێنەدانە بە مافە سەرەتاییەکانی خەڵک و دەستبەرداربوونی بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانە. جەختیش دەکەنەوە کە کەمتەرخەمی لە ئیدارەدانی بازاڕ و رێگەدان بە قۆرخکاری، خەریکە سەقامگیری کۆمەڵایەتی تێکدەدات.
کۆمەڵی دادگەری لە رێگەی 3 خاڵەوە داواکارییەکانی خستووەتە روو:
1. ئیدانەکردنی بێباکی دەسەڵات و بە بەرپرسیار ناساندنی لە تێکچوونی ژیانی خەڵک.
2. داوای دابەزاندنی دەستبەجێی نرخی بەنزین و سووتەمەنی بۆ ئاستێکی گونجاو و رێگریی توند لە قۆرخکاریی شتومەک.
3. جەختکردنەوە لەوەی دابینکردنی ژیانێکی شایستە مافێکی شەرعی و دەستووری خەڵکە،
نەک بەخششی دەسەڵات.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری هۆشداری دەداتە حکومەت کە بەردەوامبوون لەسەر ئەم "نابەرپرسیارێتییە"، ناڕەزایی زیاتری رای گشتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئۆباڵی هەر دۆخێکی نەخوازراویش کە بێتە پێشەوە، دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵات.
PM:09:37:01/08/2026
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت