ئاژانسی ئەنادۆڵ: کەرکووک بووە ئەندامی فەڕمی یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک
وێستگەنیوز ـ
سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک ڕایگەیاند، شارەوانی کەرکووک بە فەرمی وەک ئەندام لە یەکێتییەکەیان وەرگیرا و ئەوەش بە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ شارەکە و یەکێتییەکە ناودەبات.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردووەتەوە، ئوغور ئیبراهیم ئاڵتای، سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک و سەرۆکی شارەوانی قۆنیا، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کارگێڕی یەکێتییەکە لە مانگی ئابدا، ڕایگەیاندووە، شارەوانی کەرکووک بە فەرمی بووەتە ئەندامی یەکێتییەکەیان.
باس لەوەشکراوە، یەکێتییەکەیان لە ئێستادا زیاتر لە هەزار و 200 شارەوانی لە 31 وڵاتی جیاواز لەخۆدەگرێت.
دەشڵێت، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ ئێمە، بە بەشداری پارێزگاری کەرکووک، ئەم شارە بووە ئەندامێکی فەرمی و کار بۆ بووژاندنەوەی کەلەپووری فەرهەنگی و بەڕێوەبردنی پەیوەندییە برایانەکان دەکەین.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو، وتی، هەڵبژاردنەوەی پارێزگارێکی تورکمان لە کەرکووک دوای 102 ساڵ، بە ئیرادەی سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پشتیوانی هاوپەیمانی جومهور، بۆ ئێمە زۆر واتادارە.
جەختیشی کردەوە کە لەمەودوا بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکانی جیهانی تورک کار دەکەن بۆ خزمەتکردنی زیاتری شارەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بە بڕیاری فەڕمی ئەنجومەنی کارگێڕی، شارەوانی کەرکووک وەک ئەندامێکی کارا لە یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک ناسێندرا.
ئەم هەنگاوە و لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا و بەرەی تورکمانی، لە ناوەندە سیاسییەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان وەک مەترسییەکی جددی لەسەر داهاتووی شارەکە دەبینرێت.
AM:11:08:01/08/2026
ئهم بابهته 284
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت