کەشناسی عێراق: پلەکانی گەرما دەگەنە نیوەی کوڵان و تۆز و خۆڵ ناوچەکان دەگرێتەوە
وێستگەنیوز ـ
دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە و لە چەند پارێزگایەک دەگەنە 50 پلەی سیلیزی، هاوکات ئاماژە بە بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 1ـی ئابی 2026، دەستەی کەشناسی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشبینییەکانی خۆی تا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو کەمێک بەرزتر دەبنەوە.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ لە چەندین ناوچە دیاردەی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ ڕوودەدات و ئاڕاستەی هەڵکردنی با لە وڵاتدا لە باکوورەوە بە ئاڕاستەی خۆرئاوا دەبێت.
سەبارەت بە دۆخی ئاسمان، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور ئاسمان ساماڵ دەبێت، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی باکووری وڵات ئاسمان کەمێک نیمچە هەور دەبێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی کەشناسی، گەرما لە بەشێکی زۆری ناوچەکان تاقەتپڕوکێن دەبێت، لە 4 پارێزگای باشووری عێراق پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، لە بەشێکی ناوچەکانی باکوور و خۆرئاوای عێراق، پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە 50 پلەی سیلیزی.
ئەم شەپۆلە گەرمایە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوامی دەبێت و پێشبینی دەکرێت تا ڕۆژی چوارشەممە بە هەمان شێوە بە بەرزی بمێنێتەوە.
AM:10:37:01/08/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت