نەخشەڕێی ستراتیژیی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی 2036-2026 بڵاودەکرێتەوە


وێستگەنیوز-

ڕێکخراوی چمک نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژیی 10 ساڵەی بۆ داهاتووی میدیا لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، کە ئامانجییەتی لەرێگەی یاسایەکی گشتگیرەوە کۆتایی بە پەرتەوازەیی و چەواشەکاریی میدیایی بهێنێت.


ئەمڕۆ هەینی 31ـی تەمووزی 2026، ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی چمک بە فەرمی بەڵگەنامەی ڕاسپاردەکانی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ڕیفۆرمی میدیایی بڵاوکردەوە، کە نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژیی 10 ساڵەیە بۆ چاکسازیی پێکهاتەیی لە ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستاندا.

ئەم بەڵگەنامەیە کە بۆ ساڵانی 2026–2036 داڕێژراوە، بەرئەنجامی توێژینەوەیەکی مەیدانی و کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتییە کە لە ڕۆژانی 08 و 09-07-2024 لە زانکۆی سۆواس لە لەندەن بە ئامادەبوونی شارەزایانی ناوخۆیی و جیهانی بەڕێوەچوو.

نەخشەڕێگەکە لەسەر 6 کۆڵەکەی سەرەکی داڕێژراوە:

دروستکردنی تۆماری ناوەندی بۆ خاوەندارێتی ڕاستەقینەی میدیاکان .

دەستەبەرکردنی مافەکان بەبێ پێویستی بە مۆڵەتی حکومی و پۆلێنکردنی بڕوانامەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە.

قەدەغەکردنی سیخوڕیی دیجیتاڵی و سەپاندنی ڕێکارەکانی (Anti-SLAPP) بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە سکاڵای بێبنەما.

خستنەئەستۆی بەرپرسیارێتی یاسایی بۆ ئەو تۆڕە بازرگانی و حزبییانەی زانیاریی چەواشە بڵاودەکەنەوە.

داڕشتنی ڕێنمایی تەکنیکی بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بەپێی پێوەرە جیهانییەکانی.

پاراستنی ئاسایشی سیبەریی میدیاکان و جێگیرکردنی "پەروەردەی میدیایی" لە قوتابخانەکاندا.

لەو بارەیەوە، پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆکی ڕێکخراوی چمک و ڕێکخەری کۆڕبەندەکە ڕایگەیاند: ئەم نەخشەڕێگەیە لەرێگەی زانیاریی و داتای زانستییەوە پێشنیازی دەرکردنی یاسای گشتگیری ڕاگەیاندن لەرێگەی پەرلەمانەوە دەکات، بۆ ئەوەی کۆتایی بە پەرتەوازەیی یاسایی و بڕیارە ئیدارییە دژبەیەکەکان بهێنرێت.



PM:06:33:31/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت