عەلی زەیدی: سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی کورد و سەرکردایەتی پارتی و مەسعود بارزانی دەکەین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 31ی تەمووزی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە 43ـەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی خۆڕاگریی گەلی کورد و بزووتنەوەی نیشتمانیی کوردی کرد لە بەرامبەر ستەمی رژێمی پێشوودا.


سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو تاوانانەی رژێمی بەعس کە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەرکوتکاری، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامە، بڵاوکردنەوەی ترس و دروستکردنی گۆڕی بەکۆمەڵ ئەنجامدرا، لە کۆتاییدا شکستی هێنا لە شکاندنی ئیرادەی گەلی عێراق کە هەمیشە ستەم و دیکتاتۆریەتی رەتکردووەتەوە.

عەلی زەیدی لە یادەکەدا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەلی کورد و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەتی مەسعود بارزانی کرد، ئاماژەی بەوەش کرد، پێزانینی بەرزیان هەیە بۆ ئەو قوربانیدانە مەزنەی کە لەگەڵ قوربانیدانی تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، بەشداربوو لە هەڵاتنی خۆری ئازادی و دامەزراندنی سیستەمی دیموکراسیی فیدراڵی.

سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە، لە سایەی ئەم سیستەمە نوێیەدا هەمووان لە مافە دەستوورییەکان و شکۆ و رێزیان بەهرەمەند دەبن، هەروەها دووپاتی کردەوە کە حکومەتەکەی پابەندە بە بەردەوامبوون لە کاری نیشتمانیی دڵسۆزانە بۆ رووبەرووبوونەوەی هەموو ئاستەنگ و تەحەدییەکان، لە پێناو بونیادنانی عێراقێکی بەهێز، ئازاد و خاوەن سەروەریی تەواو.


PM:02:01:31/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت