نێچیرڤان بارزانی: ئیرادەی گەلی کوردستان لە بەرانبەر ئەنفالدا بەهێزتر بوو
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ، 43 ساڵ بەسەر جینۆساید و ئەنفالکردنی 8000 مێردمنداڵ و گەنج و پیاوی سڤیلی بارزانیدا تێدەپەڕێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم یادەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر ئەرکە یاسایی و ئەخلاقییەکانی حکومەتی عێراق کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، جینۆسایدکردنی بارزانییەکان و سەرجەم شاڵاوەکانی ئەنفال، برینی قووڵی نیشتمانن، بەڵام ئەم کارەساتانە نەک هەر گەلی کوردستانیان لاواز نەکرد، بەڵکو ئیرادەیان بۆ مانەوە و بەرگری لە مافە رەواکانیان بەهێزتر کرد، وتیشی: "ئەرکی حکومەتی عێراقە کەسوکاری ئەنفالکراوان و تەواوی قوربانیانی دەستی رژێمی پێشوو قەرەبوو بکاتەوە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێم ستایشی رۆڵی دایکان و هاوسەرانی بارزانی کرد و رایگەیاند، ئەوان بە خۆڕاگری و پەروەردەکردنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر لە ناو ئازار و سەختیدا، نەیانهێشت ئامانجی دوژمنان بۆ قڕکردنی ئەم گەلە بێتە دی، نێچیرڤان بارزانی وتی: "دەستی یەک بە یەکی ئەو دایکە ماندوو و میهرەبانانە ماچ دەکەم".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە پێویستە تاڵییەکانی رابردوو و ئازاری کارەساتەکان ببنە پەند و وانە بۆ داهاتوو، تاوەکو کولتووری یەکترقبوڵکردن و تەبایی لە عێراقدا بچەسپێت و ئاشتییەکی بەردەوام کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان بێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی خەڵکی هەولێر و دەوروبەری کرد کە لەو رۆژگارە سەختەدا هاوکار و پەناگە بوون بۆ خێزانە لێقەوماوەکان، هەروەها سڵاوی بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوان و تەواوی شەهیدانی کوردستان نارد.
AM:11:31:31/07/2026
ئهم بابهته 384
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت