مەسرور بارزانی: هەرگیز دەستبەرداری دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان نابین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 31ی تەمووزی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یادی 43 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی بەرامبەر کەسوکاری قوربانیان جێبەجێ بکات.


مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ 43 ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراقدا تێدەپەڕێت کە کۆمەڵکوژیی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو. وتیشی: "لەم یادە خەمناکەدا، بە رێز و شکۆوە یادی بارزانییە ئەنفالکراوەکان و گشت شەهیدانی گەرمیان، بادینان، بالیسان، شێخ وەسانان، کوردی فەیلی و شنگال دەکەینەوە".

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرکی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی شاڵاوەکانی جینۆساید و ئەنفال و هەموو ئەو کەسانە بکاتەوە کە لەسەر دەستی رژێمی پێشوو زیانیان بەرکەوتووە.

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و رایگەیاند: "پێویستە خەڵکی کوردستان ئەم تاوانانەی هەرگیز لە یاد نەچێتەوە و بزانێت کە گەلی ئێمە قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافە رەواکانیدا داوە، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی نابێت و بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێ دەکات".

هەروەها سەرۆکی حکومەت پێزانینی خۆی بۆ ئەو کەسانە دەربڕی کە لە رۆژگارە سەختەکاندا هاوکاری و یارمەتی کەسوکاری لێقەوماوانی بارزانییان داوە و سڵاوی بۆ گیانی پاکی گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان نارد.


AM:10:48:31/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت