مەسعود بارزانی: ئەرکی عێراقە قەرەبووی مادی و مەعنەویی قوربانیانی ئەنفال بکاتەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 31ی تەمووزی 2026، مەسعود بارزانی بەبۆنەی تێپەڕبوونی 43 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر پێویستی قەرەبووکردنەوەی کەس و کاری قوربانیان لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە کردەوە.
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، تاوانی ئەنفالی بارزانییەکان لە 31ی تەمووزی 1983، دەستپێکی زنجیرە تاوانێکی رێکخراو بوو کە بێسەروشوێنکردنی 12000 گەنجی کوردی فەیلی، ئەنفالی گەرمیان و بادینان، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و تەعریب و راگواستنی بەدوای خۆیدا هێنا، کە هەموویان بە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد ئەنجامدران.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هاتووە، لەو تاوانەدا رژێمی پێشووی عێراق 8000 پیاوی گەنج و پیری بارزانی تەنها لەبەر کوردبوون دەستبەسەر کرد و لە بیابانەکانی باشووری عێراق کۆمەڵکوژی کردن. بارزانی دەڵێت: "تا ئێستاش برینی ئەو جینۆسایدانە ساڕێژ نەکراون و ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی مادی و مەعنەویی سەرجەم ئەو تاوانانە بکاتەوە."
مەسعود بارزانی سوپاسی جەماوەری دەشتی هەولێر، هەریر و سۆرانی کرد کە لەو کاتەدا هاوسۆزی بارزانییەکان بوون و یارمەتییان داون. هەروەها پێزانینی زۆری بۆ خۆڕاگریی بێوێنەی دایکان و ئافرەتانی بارزانی دەربڕی کە ساڵانێکی زۆر ئازاری دووریی ئازیزانیان چەشت، بەڵام سەریان دانەنواند و رۆڵەی نیشتمانپەروەریان پێگەیاند.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بارزانی سڵاوی بۆ گیانی پاکی بارزانییە ئەنفالکراوەکان و سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادیی کوردستان نارد.
AM:10:18:31/07/2026
ئهم بابهته 304
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت