ئەنجومەنی فەتوای هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لەبارەی ئاژەڵان دەرکرد
وێستگەنیوز ـ
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، فەتوایەکی نوێی لەبارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری پزیشکی بۆ ئاژەڵان بڵاوکردەوە و تێیدا سنوورێکی بۆ جۆری نەشتەرگەرییەکان دیاریکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تەمووزی 2026، ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، فەتوایەکی نوێی لەبارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری پزیشکی بۆ ئاژەڵان بڵاوکردەوە و تیایدا نەشتەرگەری بۆ ئاژەڵان بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن کراوە:
ئەگەر مەبەست لێی چارەسەرکردنی نەخۆشی، چاککردنەوەی ئەندامێکی شکاو، لابردنی ئازار یان چاککردنی شوێنەواری سووتان و ڕووداو بێت، ئەوا لە ڕووی شەرعییەوە دروستە.
ئەنجومەنەکە دەڵێت: ئەمە هەندێک جار دەبێتە کارێکی پەسەند چونکە ئیسلام فەرمانی بە مامەڵەی باش و ڕێگری لە ئازاردانی زیندەوەران کردووە.
ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری بۆ ئاژەڵان قەدەغەیە، ئەگەر مەبەست لێی گۆڕینی شێوە بێت بۆ خۆهەڵکێشان، شانازی، بەشداریکردن لە پێشبڕکێی جوانی، یان بۆ مەبەستی بازرگانی و گران فرۆشتنی ئاژەڵەکە بێت.
ئەنجومەنی فەتوا ئاماژەی بەوە کردووە، نەشتەرگەری جوانکاری بۆ گیانداران دەچێتە چوارچێوەی گۆڕینی خەلقی خودا و ئازاردانی بێهوودەی ئاژەڵەکەیە، جگە لەوەی بە جۆرێک لە زیادەڕەوی لە ساماندا هەژمار دەکرێت.
PM:11:13:30/07/2026
ئهم بابهته 400
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت