کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی نیشتەجێبوونی سێنتراڵ پارک ڕوونکردنەوە دەدات لەسەر تێکدانی بەشێک لە خانووەکانی کەنەسوورە


وێستگەنیوز ـ

بەپێی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی فەرمی و ڕوونکردنەوەی لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەی شەقامی ٦٠ مەتری، وردەکارییەکانی تێکدانی ئەو باخانە بڵاوکرایەوە کە دەکەونە سنووری گەڕەکی کەنەسوورە، ئاماژە بەوە دەکرێت کە زۆربەی ئەو باخانە مۆڵەتی یاساییان نییە.


پاش ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تەمووزی 2026، بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی کەنەسوورە دژی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون گردبوونەوە و وێستگەنیوز ڕووماڵی گردبوونەوەکەی کرد هاوڵاتیان ڕایانگەیاند، ماوەی دوو ساڵە فشار لەسەر خانووەکانیانە بۆ چۆڵکردن، لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان ڕوونکردنەوەی دەدەن.

بەپێی نووسراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی، پاش ئەنجامدانی خەمڵاندن بۆ ئەو ناوچەیە کە دەکەوێتە نێوان شەقامی 60 مەتری و پڕۆژەی سینتراڵ پارک، دەرکەوتووە کە تەنها دوو باخ مۆڵەتی فەرمییان هەیە و شایستەی قەرەبوون، بەڵام ئەوانی تریش بە شێوازی نایاسایی و وەک زیادەڕۆ دروستکراون و مۆڵەتیان نییە.

لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو زەوییانە لە ساڵی 2007ـەوە لە ماستەرپلانی شارەوانیدا وەک شەقام دیاریکراون و بۆ بەرژەوەندی گشتی تەرخانکراون.

هەروەها جەخت دەکەنەوە کە لە ساڵی 2022ـەوە هۆشداری فەرمی دراوەتە خاوەن باخەکان بۆ ئەوەی شوێنەکە چۆڵ بکەن، چونکە بەپێی یاسا ئەو شوێنانە وەک زیادەڕۆ هەژمار دەکرێن.

بەپێی فەرمانی کارگێڕی قایمقامیەتی سلێمانی کە لە 23ـی تەمووزی 2026 دەرچووە و پاڵپشت بە یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2018 لابردنی زیادەڕۆیی، بڕیاردراوە کە دەبێت لە ماوەی 48 کاتژمێردا سەرجەم ئەو ڕێگرییانەی لەسەر شەقامەکە دروستکراون لەلایەن بەشی زیادەڕۆیی شارەوانییەوە لاببرێن.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، لایەنی جێبەجێکار جەخت دەکاتەوە کە پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانن و هەر لایەنێکیش بەبێ بەڵگە ڕاستییەکان بشێوێنێت، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.


PM:04:50:30/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو