موقتەدا سەدر: میلیشیا بێشەرمەکان هۆکاری کوژرانی هێزە ئەمنییەکانن


وێستگەنیوز-

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە، پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەو گرووپە چەکدارانە کرد کە بە "میلیشیا بێشەرمەکان" ناوی بردن و رایگەیاند، رەفتارە ناعەقڵانییەکانی ئەوان بووەتە هۆی شەهیدبوونی ئەندامانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەمووزی 2026، موقتەدا سەدر لە پەیامێکی نوێدا هێرشی توندی کردە سەر ئەو لایەنە چەکدارانەی کە رێگرن لەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، سەدر ئاماژەی بەوە کردووە کە قۆرغکردنی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی جەنگاوەرانی حەشد و هێزە ئەمنییەکان "بەبێ هیچ مافێک" ببنە قوربانی.

لە بەشێکی توندی پەیامەکەیدا، سەدر رەخنەی لە سەرکردەی ئەو گرووپانە گرت و وتی: "گەورەکانیان لە ناو ئاسایش، حەسانەوە و بازرگانیدا رادەبوێرن، لە کاتێکدا جەنگاوەرەکان دەکوژرێن"، داواشی کرد کە چیتر رێگە بەو جۆرە رەفتارە تاکەکەسی و ناعەقڵانییانە نەدرێت و هەموان پابەندی یاسا بن.

سەدر وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ خێزانی ئەو کەسانەی لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە، رایگەیاند کە هیچ سەرەخۆشییەک ئاراستەی ئەو کەس و لایەنانە ناکات کە رەفتارەکانیان بووەتە هۆکاری ئەم بارودۆخە و لەدەستدانی جەنگاوەرەکان.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر نزا بۆ پاراستنی عێراق لە هەموو خراپەیەک دەکات و هیوای سەرکەوتن بۆ وڵات دەخوازێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆخی عێراق بەهۆی هێرشە دەرەکییەکان و ململانێی گرووپە چەکدارەکانەوە لە گرژییەکی بەردەوامدایە.


AM:11:44:30/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو