حەلبووسی دێتە هەولێر؛ پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تاوتوێ دەکرێت


وێستگەنیوز-

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەکی سیاسی دێتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. لە فڕۆکەخانە، لە لایەن شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە پێکهاتوون لە هۆشیار زێباری، رێبەر ئەحمەد، ئومێد خۆشناو و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکە، پێشوازییەکی فەرمی لە سەرۆکی پارتی تەقەدووم دەکرێت.


بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە حەلبووسی لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانە بریتییە لە تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها پتەوکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو پارتی تەقەدووم و پارتی دیموکراتی کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا، باس لە تەواوکردنی کابینە وزارییەکەی عەلی زەیدی دەکرێت، بە مەبەستی ئەوەی ئەو وەزیرانەی تا ئێستا دەستبەکار نەبوون، سوێندی یاسایی بخۆن و دەست بە کارەکانیان بکەن. هاوکات پرسی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی وەک یەکێک
لە بابەتە سەرەکییەکانی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، هۆشیار زێباری وەک کەسایەتییەکی دیاری پارتی دەستنیشانکراوە بۆ کارکردن لەسەر بونیادنانەوە و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو لایەنە عێراقییانەی کە کاریگەرییان لەسەر رەوتی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەیە.


AM:11:16:30/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو