کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێم: دەرماڵەی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا ببەستن


وێستگەنیوز-

کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان وەک رێکخراوێکی پیشەیی، پشتگیری خۆی بۆ داواکارییە یاساییەکانی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) دەربڕی و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات بە زووترین کات شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکات.


لە نووسراوێکی فەرمیدا کە رێکەوتی 29ی تەمووزی 2026ی بەسەرەوەیە و ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوە، کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان جەخت لەسەر رەوایی داواکارییەکانی هەڵگرانی بڕوانامەی نوێ و نازناوی زانستی دەکاتەوە.

کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەستنی دەرماڵەی بڕوانامە و خەرجکردنی شایستە داراییەکان، مافێکی یاسایی و پیشەیی هەموو ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەیە کە دوای تەواوکردنی خوێندن بە شێوەیەکی فەرمی گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و هەموو مەرجە یاسایی و کارگێڕییەکانیان جێبەجێ کردووە.

بۆ ئەم مەبەستە، کۆمەڵەی ئەکادیمیان داوای لە حکومەت کردووە کە ئەم هەنگاوانە بنێت:

1. بەستنی دەرماڵەی بڕوانامە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی نوێ بەبێ هیچ دواکەوتنێک.
2. خەرجکردنی هەموو شایستە داراییەکان و فروقاتی پاشەکەوتکراو لە رۆژی دەستبەکاربوونەوەیان بەپێی یاسا.
3. دەرکردنی رێنماییەکی یەکگرتوو و روون بۆ هەموو دامودەزگاکان، بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر جیاکارییەک لە جێبەجێکردنی ئەم مافە یاساییەدا.

لە کۆتایی نووسراوەکەدا، کە بە ئیمزای پ.د. دانا ئەحمەد مستەفا، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، جەخت کراوەتەوە کە دابینکردنی مافی ئەکادیمیان هاندەرێکی سەرەکییە بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و خزمەتگوزاری گشتی، هەروەها وەبەرهێنانە لە سەرمایەی مرۆیی و داهاتووی زانستی هەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە خێرایی و بە بەرپرسیارانە ئەم بابەتە چارەسەر بکەن.


AM:11:08:30/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو