ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی نوێی لەبارەی نرخی بەنزین و قۆرخکاریی سووتەمەنی دەرکرد


وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر هەرێم، وەزارەتەکانی ڕاسپارد تێڕوانینێکی یەکگرتوو بۆ بودجەی 2027 ئامادە بکەن و جەختیشی کردەوە کە دەبێت کێشەی کارەبا و سووتەمەنی لە ناوخۆی هەرێمدا بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە مووچە، بودجەی 2027 و کێشەی سووتەمەنی تاوتوێ کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کرد و جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە هەڕەشەی جددین بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی هەرێم و عێراق، دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە پاڵپشتی ئاشتی و گفتوگۆ بووە و نابێت بکرێتە بەشێک لە گرژییەکانی ناوچەکە.

سەبارەت بە کێشەی سووتەمەنی و کارەبا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە هەموو ڕێکارەکان بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین و سووتەمەنی و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری، تاوەکو هاووڵاتییان بە نرخێکی گونجاو دەستیان بە سووتەمەنی بگات.

هەروەها جەخت کرایەوە لە مافی دەستووریی هەرێم بۆ وەرگرتنی بەشی خۆی لە نەوتی تەرخانکراو بۆ ناوخۆ لەسەر ئاستی عێراق.

لە تەوەرێکی دیکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ئامادەکارییەکان بۆ بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 کرا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و پلاندانانی ڕاسپارد کە داواکارییەکانی هەرێم ئامادە بکەن بە مەبەستی چەسپاندنی مافە دەستوورییەکان و لابردنی ئەو بەربەستە یاساییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا دەبوونە هۆی دواکەوتنی مووچە.

جەختیش کرایەوە کە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق دابین بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا ساز بکرێت.

لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی پڕۆژە یاساکانی قەرز و بەخشینە نێودەوڵەتییەکانی کرد و داوای کرد مافی هەرێمی کوردستان لە هەر قەرز و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی کە عێراق وەریدەگرێت، پارێزراو بێت، چونکە هەرێم لە گەڕاندنەوەی سوود و قیستی قەرزە نێودەوڵەتییەکاندا بەشدارە.


PM:07:44:29/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو