سیروان غەریب: هێرشەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو نەوەی نوێی وەک ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز دەرخست
وێستگەنیوز-
ڕۆژنامەنووس سیروان غەریب ڕەخنەی توند لە کادر و لایەنگرانی پارتی دەگرێت و دەڵێت، ئەگەر لایەنگرانی پارتی ئەو وزەیەی لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بۆ هێرشکردنە سەر نەوەی نوێ خەرجیان کرد، بۆ ڕەخنەگرتن لە سیستەمی حکومڕانی حزبەکەیان بەکاریان بهێنایە، ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی باشترین حکومەت دەبوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی تەمووزی 2026، ڕۆژنامەنووس سیروان غەریب، لە نووسینێکدا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک تیشکی خستە سەر ئەو هێرش و کەمپەینە میدیاییانەی لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا لەلایەن کادر و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستیپێکردووە.
سیروان غەریب ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئەو وزە و توانایەی لایەنگرانی پارتی بۆ ڕەخنەی بنیادنەرانە لە سیستەمی حوکمڕانی و حزبەکەی خۆیان بەکاربهێنرایە، ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی باشترین حکومەت دەبوو کە پارتی بەڕێوەی ببردایە و لە بەرامبەریشدا لاوازترین ئۆپۆزسیۆن دەبوو.
ڕایشیگەیاند، ئەو شەڕ و هێرشانەی ئێستا پێچەوانەی ئەنجامەکەیان داوەتەوە و وایانکردووە نەوەی نوێ وەک ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز لە بەرامبەر دەسەڵاتدا دەربکەوێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان دەکرد نەوەی نوێ بەهۆی ڕێککەوتنی زیندانەوە کۆتایی هاتووە و گەیشتووەتە ئاستی "سفر".
لە کۆتایی نووسینەکەیدا سیروان غەریب پرسیارێکی ئاراستەی دەسەڵات کردووە و دەڵێت، چۆن دەسەڵاتێک کە خۆی بە خاوەنی ملیۆنە دەنگ دەناسێنێت، ئەوەندە بە توندی شەڕ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنێک دەکات کە بەپێی بانگەشەکانی خۆیان "سفر" بێت؟ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە پێگەیەکی کاریگەری هەیە و هێرشەکان دەرەنجامی پێچەوانەیان هەبووە.
PM:05:32:29/07/2026
ئهم بابهته 452
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت