سروە عەبدولواحید پڕۆژەیەکی نوێ بۆ رزگارکردنی ژینگەی سلێمانی رادەگەیەنێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەمووزی 2026، سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق رایگەیاند کە وەزارەتەکەیان کار بۆ پاککردنەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و سەرچاوە ئاوییەکانی تانجەرۆ و دیالە دەکات، هاوکات هۆشداری توندیش دەداتە ئەو کارگانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە.


وەزیری ژینگە ئاماژەی بەوە کرد، ئاوەڕۆی تانجەرۆ کە دەچێتە ناو دەربەندیخان و سیروان، بووەتە سەرچاوەی سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پاشماوەی مەترسیدار، راشیگەیاند: "ئێمە جدیین لە بنبڕکردنی ئەم سەرچاوەیە بۆ ئەوەی سیروان و دەربەندیخان پاک ببنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی لە هەماهەنگیداین و هەموو ئامادەکارییەک کراوە".

سروە عەبدولواحید ئاشکرای کرد، لەبری پڕۆژە کۆنەکان کە کات و پارەی زۆریان دەوێت، وەزارەتەکەیان بە پڕۆژەیەکی نوێوە هاتووە کە دروستکردنی چەند وێستگەیەکی خێرای چارەسەرکردنی ئاوەڕۆیە لە سێ خاڵی جیاوازدا، بڕیاریشە سبەی چەند کۆمپانیایەک دەست بە کارەکانیان بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی پیسایی و ئاوەڕۆکان.

وەزیری ژینگە هۆشداری دا لە زیادبوونی رێژەی نەخۆشی شێرپەنجە لە سلێمانی، بەتایبەت لە ناوچەی تانجەرۆ، بەهۆی ئەنجامدانی کشتوکاڵ لەسەر ئاوی ئاوەڕۆکان، وتیشی: "هەندێک جۆری ماسی لە عێراقدا خەریکە بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە لەناو دەچن"، جەختیشی کردەوە کە هەر کارگەیەک رێکارە ژینگەییەکان نەگرێتە بەر، رووبەڕووی داخستن دەبێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سروە عەبدولواحید دڵنیایی دایە فەرمانبەران و رایگەیاند کە مەترسی لەسەر موچە نەماوە، تەنانەت ئەگەر هەرێمی کوردستان 120 ملیارەکەش رەوانە نەکات، لە رێگەی "مقاسە"وە لە بەغداوە چارەسەر دەکرێت و پارەکە دەنێردرێت، داواشی لە حکومەتی هەرێم کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ژینگەییەکان هاوکاریان بن، وتیشی: "ئێمە دەمانەوێت پۆستەکانمان بۆ خزمەتی هەموو شارەکان بەکاربهێنین، هەر لایەنێکیش رێگریمان لێ بکات روورەش دەبێت".


AM:11:32:29/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت