ئاسایشی هەرێم 685 سکەی مێژوویی رادەستی مۆزەخانەی سلێمانی کرد


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تەمووزی 2026، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک ئاسەواری مێژوویی کە لە سکەی دراوی زیون پێکهاتبوون، رادەستی مۆزەخانەی سلێمانی کرد، ئەمەش دوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە ویستوویانە بازرگانییان پێوە بکەن.


عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە 3 تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە لە کاتی مامەڵەکردن و فرۆشتنی ئەو سکە مێژووییانەدا بوون، ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتباران بەپێی ماددەی 24 لە یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2021، کە تایبەتە بە پاراستن و بەڕێوەبردنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان، رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و بەپێی قەبارەی تاوانەکەیان سزا دەدرێن.

وتەبێژی ئاسایش وتیشی: "خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ ئەم سکە دراوانە رادەستی مۆزەخانەی سلێمانی دەکەین، چونکە دڵنیاین لێرە لە دەستێکی ئەمیندا دەبن".

لای خۆیەوە، هاشم حەمە عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی سوپاسی دەزگای ئاسایشی کرد بۆ پاراستنی ئەو سەروەتە نیشتمانییە و رایگەیاند، ئەو دراوانەی رادەستیان کراوە ژمارەیان 685 سکەی زیوە.

بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی روونیکردەوە، مێژووی ئەو سکانە بۆ سەدەی 12 و 13ی زاینی دەگەڕێتەوە و بایەخێکی مێژوویی و زانستی زۆریان هەیە، وتیشی: "ئێمە بە شێوەیەکی رەسمی سکەکان وەردەگرین و لە گەنجینەکانماندا دەیانپارێزین، تاوەکو لە داهاتوودا بۆ کاری توێژینەوە سوودیان لێ ببینرێت و لە هۆڵەکانی مۆزەخانەدا نمایش بکرێن".


PM:12:13:28/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت