داواکاری گشتی هەرێم داوایەکی بەپەلە ئاراستەی لایەنەکان دەکات: پەرلەمان کارا بکەنەوە و حکومەت پێکبهێنن


وێستگەنیوز-

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی و یاسایی هەرێم دەدات و داوا لە هەموو حزب و لایەنەکان و فراکسیۆنە براوەکان دەکات، هەرچی زووە پەرلەمان کارا بکەنەوە و کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنن.

ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تەمووزی 2026، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەزگای داواکاری گشتی کە ئەرکی پاراستنی سیستمی گشتی و سەروەری یاسایە، بەنیگەرانییەکی قوڵەوە سەیری دۆخی چەقبەستووی سیاسی و یاسایی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، مانەوەی هەرێم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەبێ پەرلەمانێکی کارا و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی 10ـەی حکومەتی هەرێم، زیانێکی گەورەیە لە هەموو بوار و ئاستێکدا و دەبێتە هۆی دروستبوونی گرفتی یاسایی قوڵ لە زۆربەی دامودەزگا دەستوورییەکانی هەرێمدا کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، داواکاری گشتی نیگەرانی خۆی لەبارەی پەکخستنی پرۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچوونەوە دەربڕیوە و دەڵێت: ئەم دۆخە لە پەککەوتنی پەرلەمان جێی نیگەرانیترە، چونکە دەسەڵاتی دادوەری دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و تەنها یاسا دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە.

داواشی کردووە دەسەڵاتی دادوەری لە ململانێی سیاسی دووربخرێتەوە و ڕەچاوی مادەی 52 بڕگەی 2 لە یاسای دەسەڵاتی دادوەری بکرێت کە کاری حزبایەتی لە دادوەران قەدەغە کردووە.

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی جەختی کردووەتەوە، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و پاڵپشت بە مادەی 1 بڕگەی 1 و 4 لە یاسای داواکاری گشتی، داوا لە فراکسیۆنە براوەکانی پەرلەمان دەکەن هەرچی زووە بەدەنگیانەوە بێن و هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێمی کوردستان.


PM:04:22:27/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو