کاتی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست ڕاگەیەندرا


وێستگەنیوز ـ

نوێنەری گشتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ـی ئەو توێژە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند،، پرۆسەکە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستپێدەکات.

عەلی ڕەئووف مستەفا، نوێنەری گشتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕاستەوخۆ لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردەوە وەرمانگرتوون، ڕۆژی دووشەممە مووچەی مانگی 6ـی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و پرۆسەکە 5 ڕۆژ دەخایەنێت.

سەبارەت بە وردەکاری ژمارەی مووچەخۆرانی گرێبەست، نوێنەری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە، کۆی گشتییان 86,791 کەسن و مانگانە بڕی 42 ملیار و 623 ملیۆن دیناریان بۆ دابین دەکرێت، کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.

عەلی ڕەئووف وتیشی: "تۆمارکردنی ناوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە سیستەمی (Payroll) هەنگاوی یەکەمە بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی، لەو چوارچێوەیەشدا کۆبوونەوەی گرنگتر ئەنجام دەدەین."

لەکۆتاییدا، نوێنەری گشتی گرێبەستەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی سەرەڕای ئەوەی 10 ڕۆژە دابەشکردنی مووچە دەستی پێکردووە، بەڵام مووچەی ئەوان ڕاگیرابوو، وتیشی: "بەپێی نووسراوی فەرمی دەبوو مووچەی گرێبەستەکان لەگەڵ وەزارەتەکانی خۆیاندا بەیەکەوە دابەش بکرێت، بەڵام بەداخەوە پابەندی بڕیارەکان نەبوون."


PM:05:30:24/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو