ڕێکخراوی هانا: سوپای پاسداران بارەگاکانیان بۆ ناو ناوەندە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگوازنەوە
وێستگەنیوز ـ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتێکی بەپەلە لەبارەی دۆخی ئەمنیی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران هێز و کەرەستە سەربازییەکانی بۆ ناو قوتابخانە، نەخۆشخانە و ناوەندە گشتییەکان گواستووەتەوە، ئەوەش ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی خستووەتە مەترسییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کە ئەمڕۆ 24ـی تەمووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، دوای ئەوەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا ژمارەیەک لە ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران وێران کران، هێزەکانی سەر بەو وڵاتە دەستیان کردووە بە جێگیربوون لە ناوەندە مەدەنییەکانی شاری سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "زانیارییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن سوپا و هێزە ئەمنییەکان بیناکانی پەروەردە، ناوەندە پزیشکییەکان، شوێنە ئایینی و وەرزشییەکانیان بۆ مەبەستی سەربازی بەکارهێناوە."
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی زانیاری، لەم قۆناغەدا ناوی وردی شوێنەکان بڵاوناکەنەوە تا پڕۆسەی پشتڕاستکردنەوە تەواو دەبێت.
ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان بۆ مەبەستی سەربازی، ئەو ناوەندانە دەکاتە ئامانجی شەرعی هێرشەکان و ئەمەش گیانی منداڵان، نەخۆشان و خەڵکی ئاسایی دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.
ڕێکخراوی هانا جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر بیسەلمێنرێت خەڵکی مەدەنی بە ئەنقەست لەم شوێنانەدا وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی کەرەستە سەربازییەکان بەکاردەهێنرێن، ئەوا ئەمە وەک تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، ڕێکخراوی هانا داوای کشانەوەی خێرای هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە ناوچە نیشتەجێبووەکان دەکات و بەرپرسیارێتی هەر زیانێکی گیانی دەخاتە ئەستۆی ئەو فەرماندانەی فەرمانی جێگیربوونیان لە ناوەندە مەدەنییەکاندا داوە.
PM:04:39:24/07/2026
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت