بەهۆی نەخۆشییەوە 5 هەزار درەختی دارستانی کێوەڕەش دەبڕدرێنەوە


وێستگەنیوز -

بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی کەڕوویی، دارستانی کێوەڕەش لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە و بڕیاردراوە نزیكەی 5 هەزار درەخت کە دەکاتە 50%ـی کۆی سەوزایی ئەو دارستانە ببڕدرێنەوە.

هۆشەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی ڕاپەڕین، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی تەمووزی 2026 ڕایگەیاند، وشکبوونی ئەم ژمارە زۆرەی درەختەکان حاڵەتێکی نائاسایی بووە و دوای ئەوەی لیژنەیەکی پسپۆڕ جۆری نەخۆشییەکەیان دەستنیشان کردووە، بە ڕەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاری بڕینەوەیان دراوە بۆ ئەوەی نەخۆشییەکە بۆ بەشەکانی دیکەی دارستانەکە نەگوازرێتەوە.

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە، لە ئێستادا هاونیشتمانیانی ناوچەکە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە دەستیان بە بڕینەوەی درەختە وشکبووەکان کردووە، بەڵام مەرجی سەرەکییان ئەوەیە کە ئەو دارانە نەسوتێنرێن تاوەکو ژینگەی ناوچەکە پارێزراو بێت، داواشیان کردووە دارەکان بۆ دروستکردنی کەلوپەلی ناوماڵ و جوانکاری بەکاربهێنرێن.

لەلایەکی دیکەوە ساوێن ساڵح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕین، هۆشداری دەدات لەوەی بڕینەوەی ئەم هەموو درەختە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خۆڵبارین دەبێت لە ناوچەکەدا.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کارەساتە ژینگەییە، بەرپرسانی ئیدارەی ڕاپەڕین پلانیان داناوە لە جیاتی ئەو 5 هەزار درەختەی دەبڕدرێنەوە، 10 هەزار درەختی نوێ لە جۆرەکانی بەڕوو، مازوو، قەزوان و زەیتون بچێنن کە لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە دەگونجێن.

ئەم هەنگاوە بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە گەورەیە دێت کە بەر دارستانی کێوەڕەش کەوتووە و هەوڵێکە بۆ دووبارە سەوزکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بەهۆی نەخۆشییەوە درەختە بەتەمەنەکانیان لەدەستداوە.



PM:11:23:23/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو