وەزارەتی کار ڕێکارە نوێیەکانی خانەنشینی و دەستەبەری بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست لە کەرتی تایبەت ڕادەگەیەنێت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ڕێکاری نوێی بۆ ڕێکخستنی دۆخی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە بڵاوکردەوە کە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی تەمووزی2026 بڵاوکراوەتەوە، دوای هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، بابەتی دۆخی دەستەبەری و تەوقیفاتی خانەنشینی ئەو کارمەندانە بە شێوەیەکی یاسایی ڕێکخراوە و لەمەودوا مامەڵەکانیان بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کرێکاران ژمارە 39ی ساڵی 1971ی هەموارکراو جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی ناوەڕۆکی بڕیارە نوێیەکە کە لە نووسراوی ژمارە 4940 و وەڵامی وەزارەتی دارایی لە نووسراوی 5270دا هاتووە، گۆڕانکاری لە شێوازی هەژمارکردنی خزمەت و بڕی پارەی لێبڕاو کراوە، بە جۆرێک کارمەندانی گرێبەست لە کەرتی تایبەت دەتوانن خزمەتی دەستەبەریی خۆیان بۆ میلاکی گشتی بگوازنەوە و لە کاتی خانەنشینبوونیشدا ناچار نابن تەوقیفاتی ساڵانی ڕابردوو بە یەکجار و بە شێوەی کۆبووەوە بدەن، بەڵکو تەوقیفاتەکان بە شێوەی مانگانە لە کاتی کارکردنیاندا ئەنجام دەدرێت.

هەروەها ڕێژەی بەشداریی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەم چینە بە 5% دیاری کراوە، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە بۆ فەرمانبەرانی میلاکی گشتی 10%ـە.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کردووە، گشتاندنی ژمارە 6658 لە ڕێکەوتی 24ـی حوزەیرانی 2026 بۆ تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان نێردراوە بۆ ئەوەی ڕێکارەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم هەنگاوە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی مافە یاساییەکانی ئەو فەرمانبەرانەیە کە لە دەرەوەی میلاکی گشتی خزمەت دەکەن و دابینکردنی چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ پاراستنی مافی خانەنشینییان و کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە داراییانەی کە پێشتر لە کاتی کۆتاییهاتنی خزمەتەکانیاندا ڕووبەڕوویان دەبووەوە.



PM:08:53:23/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو