پارتی سەوزی کوردستان 3 هەزار نەمام لە شاخی گۆیژە دەچێنێت و بانگەوازێکی گشتی ڕادەگەیەنێت
وێستگەنیوز-
پارتی سەوزی کوردستان بە هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ پڕۆژەی سەوزکردنەوەی شاخی گۆیژە ڕادەگەیەنێت و بڕیارە 3 هەزار نەمام بچێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش بانگەوازێکی گشتی بۆ هەموو چین و توێژەکان ئاراستە دەکات تا بەشداری لەم هەڵمەتە نیشتمانییەدا بکەن.
لە پێناو پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، پارتی سەوزی کوردستان بە پشتیوانی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم، پڕۆژەی سەوزکردنەوەی شاخی گۆیژە دەستپێدەکات.
بۆ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە ژینگەییە، پارتی سەوز بانگەوازیی ئاراستەی سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان، حزب و لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، زانکۆ، پەیمانگا و قوتابخانەکان کردووە.
هەروەها داوا لە چالاکوانانی ژینگە، پیاوانی ئاینی، هونەرمەندان، میدیاکاران و توێژی گەنجان دەکات بەشدارییەکی کارا لەم چالاکییەدا بکەن.
پارتی سەوزی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی ژینگە ئەرکی هەمووانە و دەڵێت: با بە یەکگرتوویی و هەستی بەرپرسیاری، دەست لەناو دەست هەڵبدەین بۆ چاندنی هەزاران نەمام، تاکو سروشتی گۆیژە بپارێزین و ببێتە میراتێکی سەوز بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەم دەستپێشخەرییەی پارتی سەوزی کوردستان لە کاتێکدایە کە شاخی گۆیژە بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسی ئاگرکەوتنەوە دەبێتەوە و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی تێیدا بە پێویستییەکی گرنگی ژینگەیی شارەکە دادەنرێت.
PM:09:12:22/07/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت