وەزیری بازرگانی مژدەیەک دەداتە جووتیاران؛ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گوژمەیەکی نوێی پارە دابەش بکرێت


وێستگەنیوز-

وەزیری بازرگانی عێراق کۆتاییهاتنی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی بۆ ساڵی 2026 ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە نزیکەی 4 ملیۆن و 800 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.


مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تەمووزی 2026 بە شێوەیەکی فەرمی کۆتاییهاتنی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی بۆ ئەمساڵ ڕاگەیاند و ڕایگەیاند، بڕی گەنمی وەرگیراو لە کۆگاکانی وەزارەت گەیشتووەتە نزیکەی 4 ملیۆن و 800 هەزار تۆن.

وەزیری بازرگانی جەختی لەوە کردەوە، بەم بڕە گەنمە، ئاسایشی خۆراکی وڵات تا دەستپێکردنی وەرزی داهاتوو بە تەواوی مسۆگەر کراوە.

سەبارەت بە شایستە داراییەکانیش، وەزیر مژدەی دایە جووتیاران و ئاماژەی بەوە کرد، ڕێکارەکانی خەرجکردنی پارەی ساڵانی 2025 و 2026 بەردەوامە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گوژمەیەکی نوێی پارە دابەش بکرێت.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، وەزیری بازرگانی ئاسانکارییەکی نوێی بۆ جووتیاران ڕاگەیاند و وتی، دەرگای گواستنەوەی گەنم لە نێوان پارێزگاکاندا دەکرێتەوە و ڕێگە دەدرێت جووتیاران گەنمەکەیان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بگوازنەوە و مامەڵەی پێوە بکەن.

مستەفا نزار عانی ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت پلانی هەیە دوای دیاریکردنی وردی پێداویستی ناوخۆیی، تاوتوێی هەناردەکردنی بڕە زیادەکانی گەنم بۆ دەرەوەی وڵات بکات، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ سوودوەرگرتن لە زیادەی بەرهەمهێنان.



PM:05:53:21/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو