شارەزایەکی کەشناسی: خێرایی با دەگاتە 20 بۆ 40 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا
وێستگەنیوز-
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ رۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە پلەکانی گەرما گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و شەپۆلێکی "با" ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاشکرای کرد، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەمووزی 2026، چالاکبوونی بای باکووری رۆژهەڵات لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، راشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت تا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 22ی تەمووز، خێرایی با زیاتر بێت و بگاتە نێوان 20 بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، دواتریش کاریگەرییەکەی بەرەو لاوازبوون دەچێت.
سەبارەت بە پلەکانی گەرما، ئاراس جەبار روونیکردووەتەوە کە لەم دوو رۆژەدا پلەکانی گەرما لە سەرجەم ناوچەکان بەراورد بە رۆژانی رابردوو بە بڕی 2 پلە بەرزدەبنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رۆژی 23ی ئەم مانگەوە، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەک لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، پلەکانی گەرما جارێکی دیکە روو لە دابەزین دەکەنەوە و کاریگەریی ئەم شەپۆلەش تاوەکو رۆژی 27ی تەممووز بە جێگیری دەمێنێتەوە.
AM:09:52:21/07/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت