رەحمان غەریب كادیرانی یەكێتی و چالاكوانان دەخاتە بەردەم پرسیارێكی توند: ترسە لە ئێران یان ئیعازە؟
وێستگە نیوز -
رەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، ڕەخنەی توند لە كادیرانی یەكێتی و چالاكوانان دەگرێت، بەهۆی ئامادەنەبوونیان لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی نۆ شەهیدەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەپرسێت: "ئامادەنەبوونیان ترسە لە ئێران یان ئیعازە؟"
رەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە وتارێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی شەهیدەكاندا لە گردی شێخ ئەحمەدی هیندی، چاوی زۆر گێڕاوە بۆ كادیرانی پلەبەرز و مامناوەندی یەكێتی، بەڵام جگە لە خاتوو كافیە سلێمان و خاتوو سەیوان رۆستەم كەسی تری نەبینیوە.
دەشڵێت: "دەبوو ئەندامانی یەكێتی ئیلهامیان لە پەیامی سەرۆكەكەیان وەرگرتایە كە هێرشەكانی شەرمەزار كرد".
ڕەحمان غەریب، ڕەخنەی ئاڕاستەی ئەو چالاكوان و دامەزراوانەش كردووە كە خۆیان بە سەربەخۆ ناودەبەن و وتی، ئەوان تەنانەت هەندێك لە كاتی خۆیان تەرخان نەكرد بۆ سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ دایك و باوك و كەسوكاری ئەو گەنجانەی لە رۆژهەڵاتەوە هاتبوون، "هەقە ئەو بەڕێزانە كەمێك شەرمەزار بن".
سەبارەت بە هەڵوێستی بافل تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرامبەر هێرشەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، رەحمان غەریب دەڵێت، "نە پێشتر و نە ئێستاش، هیچ هێزێكی ناو دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بەم زمانە روونە، بەم توڕەبوونە و بەم زمانە هەڕەشەئامێزە، موخاتەبەی ئێرانی نەكردووە".
لە كۆتاییدا رەحمان غەریب جەخت دەكاتەوە كە تەنها ڕێگە بۆ ساڕێژكردنی برینەكانی ڕابردوو گفتوگۆی بنیاتنەرانەیە و دەڵێت: پاش سەدەیەك ناكۆكیش هەر دەچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئیدی چاوەڕوانی چین؟ هۆشداریش دەدات كە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ئامادەكاری جددی و بەرپرسانە هەیە، نەك تەنها لێدوانی كورت و نمایشی ڕاگەیاندن.
PM:06:08:20/07/2026
ئهم بابهته 884
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت