سەنتەری میترۆ: دەبێت لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە بکرێت، نەک پەنا بۆ "فەرمانی سەروو" ببرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تەمووزی 2026، هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای هەولێر دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ئۆفیسی کەناڵی ئێن ئارتی لە هەولێر گرت و بە باهەڵگر بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان، لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ئەو رێکارانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، کە دەبێت لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە بکرێت، نەک پەنا بۆ "فەرمانی سەروو" ببرێت کە کەس نازانێت کێیە، میترۆ ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی 2026دا یاسای رۆژنامەگەری پشتگوێ خراوە و لە بری ئەو پەنا بۆ یاسای سزادانی عێراقی و رێنماییەکانی وەزارەتی روشنبیری دەبرێت، کە ئەمەش پێشێلکردنی پرنسیپەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤە.
سەنتەری میترۆ داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە تەنها داوای ماف نەکەن، بەڵکو پابەندی ئەرک و ئیتیكی کاری رۆژنامەنووسیش بن و یاسای رۆژنامەگەری وەک سەنگی مەحەك لە بەرچاو بگرن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێشتر لە 4ی شوباتی 2026، هێزە ئەمنییەکان ئۆفیسەکانی ئێن ئارتییان لە هەولێر و دهۆک داخست، لەو کاتەدا پارێزگاری هەولێر هۆکارەکەی بۆ "بێڕێزی کردن بە سیمبولە نیشتمانییەکان" گەڕاندەوە، بەڵام بەرپرسانی کەناڵەکە رایانگەیاند کە هیچ پاساوێکی یاسایی بۆ ئەو داخستنە نییە.
ئەم رەفتارانەی بەرانبەر میدیا دەکرێن، بووەتە هۆی ئەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری ئازادی رادەربڕین بەردەوام رەخنە لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بگرن و داوای راگرتنی پێشێلکارییەکان بکەن.
ئەم بەیاننامەیەی سەنتەری میترۆ لەکاتێکدایە کە هێرش قادر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کەناڵی ئێن ئارتی رایگەیاند، کە پێشتر لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەمڕۆ 20ی تەمووز سەردانی ئۆفیسەکە بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کەلوپەلەکانیان، بەڵام وتی: "لە بری رادەستکردنەوە، بینیمان دوو بارهەڵگر خەریکی بارکردن و گواستنەوەی کەلوپەلەکانمان بوون".
بە وتەی بەڕێوەبەری ئۆفیسەکە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە، لەوانە: سێتی کامێرا، مایك، میكسەر، تاقمی قەنەفە، تەلەفزیۆن، پرنتەر، سپلیت و تەنانەت پێداویستییە وردەکانی وەک پاتری قەڵەم، ئینجانەی گوڵ و جلوبەرگی کارمەندانیش، هێرش قادر جەختی کردەوە کە کاتێک پرسیاریان کردووە بۆچی ئەو کارە دەکەن، لە وەڵامدا پێیان وتراوە: "ئەمە فەرمانی سەروو خۆمانە."
PM:03:38:20/07/2026
ئهم بابهته 652
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت