مەسرور بارزانی: ئەگەر راستگۆن و خەمخۆری خەڵی کوردستانن وەرن پەرلەمان کارا بکرێتەوە و پەرلەمان نەبێتە بارمتە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی باڵندا-بارزانی کردەوە کە خزمەتگوزاریی ئاوی خاوێن دەگەیەنێتە 53 گوندی سنووری هەرسێ قەزای مێرگەسۆر، ئاکرێ و خەلیفان.
وردەکاریی پڕۆژەکە ئەم پڕۆژەیە کە سەرچاوەکەی لە گوندی باڵندایە، وێستگەیەکی پاککردنەوەی مۆدێرنی بۆ دامەزراوە کە لە هەر کاتژمێرێکدا توانای دابینکردنی 1200 مەتر سێجا ئاوی هەیە و سوود بە 35 هەزار هاووڵاتی دەگەیەنێت. پڕۆژەکە لە 3 وێستگەی سەرەکی پەمپکردن، 24 پەمپ و 70 کۆگای گلدانەوەی ئاو پێکهاتووە. درێژی هێڵە سەرەکییەکان و تۆڕی ناوخۆی گوندەکان پێکەوە دەگاتە 540 کیلۆمەتر.
پەیامە سیاسی و ئەمنییەکان مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاری دەگەیەنێتە هەموو ناوچەکان و هەوڵی بەهێزکردنی ئاسایشی ئاو دەدەن. سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش وتی: "نامانەوێت ببین بە بەشێک لە شەڕی ناوچەکە، زۆر جار بەهۆی گرژییەکانەوە زیان بەر هەرێم کەوتووە و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، چونکە هیچ پاساوێک بۆ ئەو هێرشانە نییە."
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە پاڵپشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
کاراکردنەوەی پەرلەمان لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کرد و وتی: "ئەگەر راستگۆن و خەمخۆری خەڵکی کوردستانن، وەرن با پەرلەمان کارا بکرێتەوە و پەرلەمان نەبێتە بارمتە." ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان دابنیشێت بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کارەکانی بکاتەوە.
PM:02:09:19/07/2026
ئهم بابهته 440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت