مەزڵووم عەبدی: هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و تێکدانی سەقامگیرییەکەی قبوڵکراو نییە
وێستگەنیوز-
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لەسەر هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە سنووری سلێمانی رایگەیاند، هەر هێرشێک ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدات سەرکۆنەی دەکەن.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، بە غەمگینییەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی 9 پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانمان لە شاری سلێمانی بیست، کە لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا و لە ئەنجامی هێرشەکانی رژێمی ئێراندا شەهید بوون.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان و سەرکردایەتیی کۆمەڵە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و جەختی کردووەتەوە دژی هەر هەوڵێکن بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
ئەم پەیامەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 17ـی تەمووزی ٢٠٢٦، سوپای پاسدارانی ئێران بە 7 مووشەک و ژمارەیەک درۆنی بۆمبڕێژکراو، بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی لە ناوچەی زڕگوێزەڵە و دەوروبەری سلێمانی بۆردومان کرد.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەو هێرشەدا 9 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و دوو پێشمەرگەی دیکەش بە سەختی بریندار بوون، پاش هێرشەکەش دەزگای ئاسایشی هەرێم پشتڕاستیکردەوە کە هێرشەکە لە رێگەی مووشەکی دوورهاوێژەوە ئەنجامدراوە.
PM:09:40:18/07/2026
ئهم بابهته 500
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت