سەڵاحەدین بەهادین: جێی داخە زیاتر لە دە ساڵە کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا چارەسەر نەکراوە
وێستگەنیوز-
سەڵاحەدین محەممەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هۆشداری لە تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکە دەدات و رەخنەی توندیش لە دەسەڵات دەگرێت کە ئامادەکارییان بۆ ئەگەری شەڕ و وێرانکاری نەکردووە.
ئەمڕۆ شەممە 18ی تەمووزی 2026، لە میانەی بەشداری لە خولێکی گەشەپێدانی پیشەیی بۆ چین و توێژە جیاوازەکان لە پارێزگای سلێمانی، سەڵاحەدین محەممەد بەهادین رایگەیاند، دۆخی ناوچەکە بەرەو چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێت و ناوچەکە لەبەردەم شەڕێکی گەورە و وێرانکەردایە، بەڵام هێزەکانی دەسەڵات مەترسییەکانی ئەم قۆناغە لەبەرچاو ناگرن و وا دیار نییە ئامادەکارییان بۆ کردبێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ و بژێوی خەڵک، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد، جێی داخە کە زیاتر لە 10 ساڵە کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانەوە هێشتا چارەسەر نەکراوە. جەختیشی کردەوە کە بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشانە، پێویستە ناوماڵی کوردستان رێکبخرێتەوە و دەستووری هەمیشەیی عێراق بکرێتە بنەما بۆ چارەسەرەکان.
لە کۆتایی وتەکانیدا، ناوبراو داوای کرد کە هەوڵەکان بەو ئاراستەیە بن کە هەرێمی کوردستان و گەلەکەمان لە ناو ئەم ئاڵۆزییانەی ناوچەکەدا، رووبەڕووی کەمترین زیان ببنەوە.
PM:05:30:18/07/2026
ئهم بابهته 124
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت