بەرگریی شارستانیی سلێمانی: تیمەکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی رۆژئاوای شارەکە


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا هاوڵاتیانی شارەکە لەبارەی ئەو ئاگرەی لە رۆژئاوای سلێمانی کەوتووەتەوە دڵنیا دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت کە تیمەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان.


لە راگەیەندراوەکەی بەرگریی شارستانیی سلێمانیدا هاتووە، کە بۆ ئەوان قەبارە و هۆکاری ئاگرەکە گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی لە هەموو شتێک بەرزتر و گرنگترە، پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانە.

بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێویست ناکات هاوڵاتیان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بن، چونکە تیمەکانیان پێشتر رووداوی زۆر لەوە گەورەتریان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و لە ئێستاشدا کوژاندنەوەی ئاگرەکە ئەرکی لەپێشینەیانە.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوای هاوکاری لە هاوڵاتیان دەکات و رایدەگەیەنێت، گەورەترین یارمەتی بۆ تیمەکانیان ئەوەیە کە هاوڵاتیان لە شوێنی رووداوەکە نزیک نەبنەوە.

هەروەها جەخت کراوەتەوە، کە پێویستە شەقامەکان بۆ هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە چۆڵ بکرێن تاوەکو بتوانن بە خێرایی ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن، چونکە هۆشیاریی هاوڵاتیان نیوەی سەرکەوتنی تیمەکانە لە کۆنترۆڵکردنی رووداوەکەدا.


PM:10:56:17/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو