ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەولێر دەکات


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستی توندی خۆی بەرامبەر هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر شاری هەولێر دەربڕی و بە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی خاکی عێراقی وەسف کرد.


ئەمڕۆ هەینی 17ی تەمووزی 2026، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ میدیای پارتی ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات، راشیگەیاند، ئەم جۆرە چالاکییە سەربازییانە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی و ئاسایشی عێراقە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەوان لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەوەستن و پشتگیریی لە تەواوی ئەو هەوڵانە دەکەن کە بۆ پاراستنی گەلی عێراق و سەقامگیری وڵاتەکە دەدرێن.

لەلایەکی دیکەوە، دژەتیرۆری کوردستان زانیاریی نوێی لەبارەی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە، بەپێی راگەیەندراوەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە کاتژمێر 4:19 تاوەکو کاتژمێر 5:25، هێزەکانی هاوپەیمانان توانیویانە 8 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی هەولێر تێکبشکێنن و بخەنە خوارەوە.

ئەم کاردانەوە توندەی ئەمریکا و تێکشکاندنی درۆنەکان لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان لەم ماوەیەدا رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بووەتەوە، کە بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.


PM:05:25:17/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو