نوێنەری قوباد تاڵەبانی و بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاگەیاندنی ژنان سەردانی وێستگەنیوز دەکەن


وێستگەنیوز

به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ئیدارییه‌ی‌ له‌ ده‌زگاكه‌دا ئه‌نجامدراوە، ئاشتی عەبدوڵا نوێنەری قوباد تاڵەبانی بۆ کاروباری ژنان، لەگەڵ هانا شوان بەرێوەبەری سەنتەری رووناکبیری و راگەیاندنی ژنان. سەردانی ئۆفیسی سەرەکی دامەزراوەی وێستگەنیوزیان کرد، دڵخۆشی و پشتگیری خۆیان گەیاند و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ دامه‌زراوه‌کەیان به‌ گرنگ زانی‌ بۆ ده‌رخستنی‌ توانای‌ خانمان.



لە سەردانەکەدا ئاشتی عەبدوڵا نوێنەری قوباد تاڵەبانی بۆ کاروباری ژنان، پشتگیری جێگری سەرۆک وەزیران و هەروەها خۆشی گەیاندە خانمانی وێستگەنیوز و بەگرنگییەوە باسی ئەم گۆرانکارییە ئیدارییەکرد و هیوای خواست لەنیا بەختیار سەرنوسەری وێستگەنیوز و هاوکارە ژنەکانی دیکەی لە دامەزراوەکە رۆڵێکی گەورە و گرنگ بگێرن لە راستکردنەوەی رێڕەوی کاری میدیایی و ببنە نمونەیەکی بەهێز و جوان بۆ سەرجەم خانمانی رۆژنامەنوس لە کوردستان.

هەر لە دانیشتنەکەدا هانا شوان بەرێوەبەری سەنتەری رووناکبیری و راگەیاندنی ژنان دوای راگەیاندنی پشتگیریکردنی لە خانمانی وێستگەنیوز ئاماژەی بەوەدا، پێدانی پۆستی باڵا بە ژنان لە میدیادا هەنگاوێکی گرنگ و پر بایەخە، بە پێویستی زانی ئەم خانمانە ڕۆڵێکی گەورەیان هەبێ لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەرگریکردن لەپرسەکانی ژنان.

پاشان لەنیا بەختیار سەرنوسەری وێستگەنیوز سوپاسی سەردان و پشتگیریی بەردەوامی ئەو خانمانەی کرد و ڕایگەیاند مایەی دڵخۆشییە لە دونیای ئەمڕۆدا خانمانی کورد بەو شێوازە هاوکار و یارمەتیدەریی یەکترن بۆ سەرکەوتن و کاری باش، دڵنیایشیدا کە خانمانی وێستگەنیوز دەبنە نمونەیەکی جوانی سەرکەوتووی نێو میدیایی کوردی.

وتیشی زۆر گرنگە لەم ژاوە ژاوەی ئێستادا خانمانی رۆژنامەنوس پشتگیر و هاوکاری یەکبن و لە پشتی یەکتر بوەستن.

هەروەها داوای کرد کە رۆژنامەنوسان دووربکەونەوە لەو کارە مەبەستدارانەی کەئێستا لە بەشێک لە میدیاکانەوە دژی ژنان دەکرێت، بۆ کۆکردنەوەی لایک و ڤیو ژنان و کچانی کورد دەخەنە بەر هەڵمەتی بێرەحمانەی سۆشیال میدیا.

سەرنوسەری وێستگەنیوز لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا،‌ خانمانی وێستگه‌ کە ئێستا بەشەگرنگەکان بەڕێوەدەبەن لەگەڵ سەرجەم رۆژنامەنوسانی دەزگاکەدا، بەڵێنیان داوە ئه‌و بێلایه‌نی و هاوسەنگییەی دامه‌زراوه‌كه‌ بپارێزن كه‌ له‌ رابردوودا هه‌یبووه‌ و بەو پەری بەرپرسیارێتی و ئیتیکەوە کارە رۆژنامەوانییەکانیان درێژەپێبدەن.


PM:04:20:17/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو